١٧ ئایار ٢٠١٧ - ١٢:٣٩
 ڕێبەڕی شۆڕش هەرکەس هەڵببژێرێت، براوەی هەڵبژاردنی حکومەت و میلەتی ئێرانە

سەید عه‌لی‌ خامنه‌یی‌ رابه‌ری‌ شۆڕشی کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران داوای‌ له‌ ئێرانییه‌كان كرد ڕوو له‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان بكه‌ن.

سەید عه‌لی‌ خامنه‌یی‌ رابه‌ری‌ شۆڕشی کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ڕایگه‌یاند، ئاماده‌كارییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ ئارام به‌رێوه‌ده‌چێت و داوای‌ له‌ ئێرانییه‌كان كرد ڕوو له‌ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان بكه‌ن.

بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: ئایەتواللە سەید عەلی خامنه‌یی‌، به‌یانی‌ ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ پێشوازی‌ له‌ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانی‌ پارێزگای‌ زنجان و سمنان و قه‌زوین كردوو قسه‌ی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران كرد كه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی‌ هه‌ینی‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

رابه‌ری‌ مەزنی شۆرشی ‌کۆماری ئیسلامی‌ ئێران وتی‌، "له‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ ته‌ماشا بكه‌ن ئاسایش و سه‌قامگیری‌ نییه‌، له‌كاتێكدا كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ ئارام و هێمندا ئاماده‌كاری‌ بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كات".

وتیشی‌"پێش دوو رۆژ له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ئیزنی‌ خوا، كه‌ش و هه‌وای‌ وڵات هێمن و سه‌قامگیره‌و ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی‌ زۆر به‌نرخه‌".

رابه‌ری‌ مەزنی شۆرشی ‌کۆماری ئیسلامی‌ ئێران ئایەتواللە خامنه‌یی‌، داوشیكرد ئێرانییه‌كان به‌ گه‌رم و گوڕییه‌وه‌ به‌شداری‌ له‌هه‌ڵبژاردن بكه‌ن له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ وڵات و جه‌ختی‌ له‌ پێویستی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان ده‌زگاكانی‌ جێبه‌جێكردن و چاودێری‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنی‌ ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ران.

ئایەتواڵڵە خامنەای جەختی کردەوە لە سەر ئەم بابەتە و وتی :"ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ران ئامانه‌ته‌ له‌ئه‌ستۆی‌ ئێمه‌ ده‌بێت گه‌لی‌ ئێران ئیراده‌ و متمانه‌ به‌خۆبوون و هێمنییان پیشانی‌ دوژمنان بده‌ن"

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو"ژماره‌یه‌ك كاندیدی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌بوون هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ لایه‌نگریان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ كۆتاییدا كاندیدێك زۆربه‌ی‌ ده‌نگه‌كان ده‌بات به‌ڵام سه‌ركه‌وتووی‌ ڕاسته‌قینه‌ له‌م پرۆسه‌یه‌دا گه‌لی‌ ئێرانه‌، سه‌ركه‌تووی‌ سه‌ره‌كی‌ سیسته‌می‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانه‌".

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، كۆتایی‌ به‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران دێت و رۆژی‌ هه‌ینی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌ رۆژنای‌ كۆتایی‌ گه‌رم و گوڕی‌ زیاتری‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، به‌ ڕاستوخۆش هه‌ر شه‌ش كاندیده‌كه‌ له‌ رابردوودا رووبه‌ڕووی‌ یه‌ك بوونه‌وه‌ كه‌ ئێستا دووان له‌وان له‌ ركابه‌ری‌ كشاونه‌ته‌وه‌.

ركابه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران له‌نێوان هه‌ردوو كاندید، ئیبراهیم ره‌ئیسی‌ له‌به‌ره‌ی‌ ریفۆرم خوازه‌كان و حه‌سه‌ن رۆحانی‌ له‌به‌ره‌ی‌ محافزكاره‌كاندایه‌.

ئیسحاق جیهانگیری‌، كاندیدی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران له‌به‌ره‌ی‌ ریفۆرم خوازه‌كان، دوێنێ‌ له‌ هه‌ڵبژاردن كشایه‌وه‌و پشتگیری‌ خۆی‌ بۆ حه‌سه‌ن رۆحانی‌ راگه‌یاند.

به‌ره‌ی‌ ریفۆرم خوازان داوایان له‌ جیهانگیری‌ كردبوو، بكشێته‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ رۆحانی‌ و ئه‌ویش ره‌زامه‌ندبووه‌.

ئیسحاق جیهانگیری‌ دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ له‌ ركابه‌ری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێران داوای كرد ئێرانییه‌كان ده‌نگ به‌ حه‌سه‌ن رۆحانی‌ بده‌ن.

دووشه‌ممه‌ی‌ رابردووش، محه‌مه‌د باقر قالیباف یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانی‌ موحافزكاره‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران، كشانه‌وه‌ی‌ له‌ خۆكاندیدكردن راگه‌یاند له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی‌.قالیباف ئه‌و بڕیاره‌ی له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ناوه‌ندی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌لی‌ شۆرشی‌ ئیسلامیدا داوه‌كه‌ دوێنێ‌ به‌ڕێوه‌چوو.قالیباف، رایگه‌یاند كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات، له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی‌ به‌سه‌ر حه‌سه‌ن روحانیدا.

لەهەڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئێران كه‌ بڕیاره‌ 19 ی‌ ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، هەریەكە لە حەسەن رۆحانی و مستەفا هاشمی لەبەرەی چاكسازان و ئیبراهیم رەئیسی و مستەفا میر سەلیم لە پارێزگارەكان كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی سەرۆكایەتی ئێران دەكەن